چرۆ سۆهرابی
خه‌باتی ژنان بۆ یه‌کسانیخوازی و دژ به هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه له جیهاندا خه‌باتێکی پڕ له هه‌وراز و نشێو و دوورودرێژه و ژنان قوربانیی زۆریان له‌م پێناوه‌دا داوه.
٨ی مارسیش که وه‌ک ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان له هه‌موو جیهاندا باسی لێ ده‌کرێت مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌باتی ژنان دژ به هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه له ساڵی ١٨٥٧ له کارگه‌یه‌کی ڕستن و چنین له شاری نیۆیۆرکی ئامریکا که بووه هۆی ده‌ستبه‌سه‌رکردن و برینداربوونی چه‌ندین ژن. هه‌روه‌ها دواتر له ساڵی ١٩١٠ لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی سۆسیالیستەکان لە کۆپنهاگی پێته‌ختی دانمارک بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠ ژن لە ١٧ وڵاتی جیهان، ڕۆژی ٨ی مارس وه‌ک ڕۆژێکی جیهانی بۆ خەباتی ژنان لەسەر ئاستی هەموو جیهان پەسند کرا.
دواتر و له ساڵی ١٩٧٥دا ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ساڵی ١٩٧٥ی وه‌ک ساڵی ژنان ناوزه‌د کرد و ساڵی ١٩٧٧، ٨ی مارسی وه‌کوو ڕۆژی جیهانيی ژنان ناساند.
خه‌باتی ژنی کوردیش بۆ یه‌کسانیخوازی و دژ به هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه خه‌باتێکی دوورودرێژ و پڕ له هه‌وراز و نشێوه و قوربانیشی زۆر زیاتر له خه‌باتی ژنانی دیکه‌ی جیهانه.
له کۆمه‌ڵگای کوردی که لانیکه‌م تا پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به‌ده‌ست خێڵ و عه‌شیره و تایفه‌گه‌رییه‌وه ده‌یناڵاند و کۆمه‌ڵگایه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک به‌ستراو بوو، بێ مافی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئاسایی لێ هاتبوو. هۆکاری بوونی ئه‌و جۆره کۆمه‌ڵگایانه‌ش نه‌ته‌نیا له کوردستان به‌ڵکوو له هه‌موو جیهاندا بوونی ده‌سه‌ڵاته یه‌ک له دوای یه‌ک دیکتاتۆر و تاریکپه‌رسته‌کان بووه که نه‌یانهێشتووه کۆمه‌ڵگا پێش بکه‌وێت. ئه‌گه‌رچی نابێ له بیرمان بچێت که له‌نێو کۆمه‌ڵگای کوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ره‌ڕای بهستراوهییهکهی، هه‌ندێک ژنی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕ و به‌توانا هه‌ڵکه‌وتبوون که کۆمه‌ڵگا و کو‌لتوور و حکوومه‌ت نه‌یتوانی پێش به پێشکه‌وتنیان بگرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که شۆڕشی ژنانی به ڕێکخراوه‌یی کرد، کۆماری کوردستان بوو که به دامه‌زرانی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان له ڕێکه‌وتی ٢٤ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٢٤ی هه‌تاویدا خه‌باتی ژنانی خسته قۆناغێکی نوێوه. سه‌رکۆماری کۆماری کوردستان پێشه‌وا قازیی نه‌مر و هاوژینه‌که‌ی، واته مینا خانمی قازی که ژنێکی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر بوو، وه‌ک به‌رپرسی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه و به واتایه‌کی دیکه وه‌ک سکرتێری ئه‌و ڕێکخراوه دیاری کرد و ئه‌و یه‌کیه‌تییه تا ئێستاش به‌هێزترین و ڕێکوپێکترین ڕێکخراوێکی یه‌کیه‌تیی ژنانه له کوردستان که به‌پێی سه‌رده‌م چووەته پێش و کاری ڕێکخراوه‌ییه‌که‌ی که‌م وێنه‌یه.
ژنی کورد له کاتێکدا بووه خاوه‌ن ڕێکخراوێکی تایبه‌ت که ڕێکخراوه‌کانی تایبه‌ت له جیهاندا به قامکه‌کانی ده‌ست ئه‌ژمار ده‌کران و ئه‌مه خۆی له خۆیدا ههنگاوێکی مه‌زن بوو که ژنی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا بتوانێت ببێته خاوه‌ن ڕێکخراوێکی وا پێشکه‌وتوو.
له مێژووی شۆڕشی حه‌قخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان و به‌تایبه‌ت له دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به دژی سیسته‌می پاشایه‌تی، خه‌باتی ژنانی کوردیش پێی نایه قۆناغێکی نوێوه. به‌شێک له ژنانی ڕۆژهه‌ڵات شان به شانی پیاوان بوونه پێشمه‌رگه بۆ به‌رگری له ماف و ئازادییه‌کانیان و خاکی نیشتمان و به‌شێکی زۆریشی بووه پشتیوان و یارمه‌تیده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و له‌و ڕێگایه‌شدا ده‌یان ژنی شۆڕشگێڕ گیانی خۆیان به‌ختی ئازادی و یه‌کسانی کرد.
دروسته ئێستا چه‌ندین ڕێکخراو و یه‌کیه‌تیی تایبه‌ت به ژنان، حیزبی و غه‌یره حیزبی له کوردستان پێک هاتووه که سه‌رچاوه و ڕێخۆشکه‌ری هه‌مووشیان یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان و به‌تایبه‌ت له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات زۆر که‌مه. پێویسته جگه له کاری ڕێکخراوه‌یی، کچان و ژنانی ڕۆژهه‌ڵات زیاتر ڕوو بکه‌نه ڕیزه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری.
هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه که تا ڕێژیمی داگیرکه‌ری ئێران له‌سه‌ر کار بێت، به شێوه‌ی به‌رچاو نه کاری ڕێکخراوه‌یی و نه کاری فه‌رهه‌نگی بۆ له‌نێوبردنی چه‌وسانه‌وه و به‌دیهێنانی یه‌کسانی له کۆمه‌ڵگادا ناچێته پێش. چونکە به‌شێکى زۆر له‌م زوڵم و زۆره که له ژنانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌کرێت خودی ڕێژیم یارمه‌تیده‌ر و خولقێنه‌ریه‌تی و به نه‌مانی ئه‌م ڕێژیمه و دامه‌زرانی حکوومه‌تێکی دێموکرات، ده‌ستی ژنان ئاوه‌ڵاتر ده‌بێت و حکوومه‌تیش هاوکار و پشتیوان.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.