کوردستان میدیا

پێنجشەممه 1ی خاکەلێوه 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوشکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت

11:49 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: خاتوو "پەروانە بەقایی" خوشکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ١ی بەفرانباری ١٣٩٧، خاتوو "پەروانە بەقایی"، خوشکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی کوردستان لە شاری کامیاران کۆچی دوایی کرد.

خاتوو پەروانە ژنێکی ڕووخۆش و نیشتمانپەروەر بوو و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی برا شەهیدەکانی مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆاری خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهیدان حەسەن و محەمەد بەقایی دوو پێشمەرگە حیزب، كە هەر پاش شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران و ئاشكرابوونی خەباتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كردنەوەی بنكەی حیزب لە شاری كامیاران بوونە ئەندامی حیزب و دواتر لە كاتی ئەنجامدانی ئەركی حیزبیدا و لە دوو رووداوی جیاوازدا بەداخەوە گیانیان لە دەست دا و چوونە ڕیزی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی كورد و كوردستان.

شەهید "حەسەن بەقایی"، ساڵی ۱۳۲۹ی هەتاوی، لەکامیاران لە دایک بوو، ناوبراو پێشمەرگەیەکی قارەمان و تێگەیشتووی حیزب بوو و وەکوو کادری دەرجە ٤ ئەرکی حیزبی بەجێ دەگەیاند، کە بەداخەوە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٣٦٠ی هەتاوی، لە گوندی بزوەش بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ شەهید بوو و گڵکۆکەی لە ئاوایی شایەنییه.

شەهید "محەممەد بەقایی"، ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی، لە شاری کامیاران لە دایک بووە. ناوبراو پێشمەرگەیەکی ئازا و بەدەستوبرد بوو ، که بەداخەوە ڕۆژی ۲۷ی جۆزەردانی ۱۳٥۹ی هەتاوی، لە ئاوایی "زیویە" شەهید بوو و گڵکۆکەی ئەویش لە ئاوایی شایەنی لای برا گەورەکەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی خاتوو پەروانە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.