کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خومەینی: بێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و ڕێسا ئێعدام بکەن

12:48 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران و هەندێک لە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، ماوە بە ماوە باس لە ئێعدامە به کۆمەڵەکانی خۆیان دەکەن کە بە فتوای خومەینی ئەنجامیان داوە.

"عەلی ڕازینی"، سەرۆکی دەزگای قەزایی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە دەورانی شەڕی ئێران و عێراقدا، بڵاوی کردووەتەوە: "خومەینی لە فتوایەکدا جەوازی ئێعدامی نیزامییەکانی لە ڕەوتی شەڕدا دەرکرد".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بۆ یەکەم جارە کە باس لەو فتوایەی خومەینی دەکات کە خومەینی دوای لە ناوبراو کردبوو فەرماندە نیزامی و کەسانی دیکە لە شەڕدا، ئەگەر هەڵەیەکیان کرد، ئێعدامیان بکەن.

خومەینی لەو فتوایەدا ڕایگەیاندبوو: "هەر کەسێک لە بەرەکانی شەڕدا چ عەمد یان غەیری عەمد، هەڵەیەک بکات و ببێتە هۆی شکستی بەرەکانی ئیسلام، بێ لەبەرچاوگرتنی تەشریفات، محاکمە و ئێعدامی بکەن".

خومەینی لەو فتوایەدا داوای کردبوو لە سەرجەم بەرەکانی شەڕدا ئەو دادگایانە پێک بێنن و ئەو یاسایه بەڕێوە ببەن.

بەپێی قسەکانی ئاخوند "ڕازینی"، ئەو دادگایانە لە سێ ناوچەی باشوور، کرماشان و ورمێ دامەزران.

ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ لە ئێراندا، بەپێی ئەو یاسایەی خومەینی بەڕێوە چووه.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، ئێعدام، کوشتن و قڕکردنی خەڵکی کوردستان بەپێی ئەو بڕیارەی خومەینی بووە کە "غوڵامڕەزا حەسەنی" و "سادق خەڵخاڵی" لە بەڕێوەبەرانی ئەو فتوایەی خومەینی لە کوردستاندا بوون.