کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەکانی تەرکی ئیعتیاد لە خوراسان دادەخرێن

17:30 - 5 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ناوەندەکانی یارمەتیگەیاندن بە تووشبووانی ماددە سڕکەرەکان لە شاری بۆجنوورد، بەرە بەرە دادەخرێن و کەس چاوەدێری بە سەر ئەو بابەتەدا ناکات.

بەپێی وتەی هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، ناوەندەکانی دابەزاندنی زیان بە توشبووانی ماددە سڕکەرەکان، کە بۆ کۆکردنەوە و چارەسەریی ئەو کەسانە کە دەبنە مەترسیگەلێکی جیددی بۆ سەر کۆمەڵگا، کار دەکەن دادەخرێن و هیچ چاوەدێرییەک بە سەر ئەو بابەتەدا نییە کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەگەلێکی دیکە.

بەپێی یاسای "بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدان" کە بەرپرسانی ڕێژیم پەسەندیان کردووە، دەبێ ناوەندەکانی بەهێزکەر، بە مەبەستی دەرمانکردنی تووشبووانی ماددە سڕکەرەکان کە بێ ئاواڵ ماونەتەوە دروست بکرێت و تووشبووانی ماددە سڕکەرەکان لەوێ چاوەدێری و دەرمان بکرێن.

هەروەها لەو بەرنامەیەدا وتراوە کە تووشبووان دەبێ لەو ناوەندانە کە بە "ناوەندەکانی ماددەی ١٦" ناسراون، بێنە دەرەوە و ئەو نەخۆشانە بە شێوەی سازماندەهیکراو سەرقاڵ بە کار بکرێن.

تووشبووانی دەرمانکراو، مافی ئەوەیان هەیە ٤ تا ٦ مانگ لەو ناوەندانەدا بمێننەوە و مانەوە لەو ناوەندانەدا بەخۆڕایی دەبێت و بەرپرسانی ئەو ناوەندانە لە ماوەی دوو مانگی کۆتاییدا ئەرکدارن بە دابینکردنی کار بۆ ئەو کەسانە تا بگەڕێنەوە کۆمەڵگا.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە دەبینین بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای خوراسان، بە تایبەت شارە کوردنشینەکان، ئەو ناوەندانە بەرەو داخستن دەبەن و خۆیان یاساکانی داڕێژراوی خۆیان دەبەنە ژێر پرسیارەوە و لە هەوڵدان تا کێشەگەلێکی لەڕادەبەدەری کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی ئەو شارانە بەدی بێنن.