کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی تاران پشتیوانی لە پێشمەرگە دەکەن

12:45 - 11 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی تاران، بۆ پشتیوانی لە خەباتی پێشمەرگە و پاڵپشتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تەرحێکی گرافیکیان کێشاوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خوێندکارانی زانکۆ تاران، لە ڕشتەی گڕافیک و فیلمدا بۆ پشتیوانیی لە خەبات و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تەرحێکیان کێشاوە و پێشکەشیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە.

خوێندکارێکی ڕشتەی گرافیک، لەو بارەوە لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا باسی لەوە کرد، ئەو تەرحە گرافیکییە کە لە لایەن خوێندکارانی ئەو ڕشتەیە لە زانکۆی تارانەوە پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کراوە، پشتیوانیی لە ڕاسان و خەباتی پێشمەرگەیە.

ئەو تەرحە، خۆرێک بە ئاڵای کوردستان و نووسراوەی ڕاسان و دەستێکی مستکراوی قایم کە لە ڕاسان سەرچاوەی گرتووە لە خۆ دەگرێت و خۆرەکەش، تاریکیی دەسڕێتەوە کە سمبۆلی زوڵم و ستەمە.

دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش به خوێندکارانی ڕشتەی گرافیک و فیلم لە زانکۆی تاران دەکات و هیوای بەردەوامیی لە خەبات و پشتیوانیی لە پێشمەرگەیان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.