کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

13:15 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە دوای بێڕێزییەکانی بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان، خوێندکارانی ئەم زانکۆیە، وێڕای ئامادەبوونیان بە جلوبەرگی کوردییەوە لە کلاسەکاندا، بەیاننامەیەکیشیان بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، لە شاری سنەدا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێزگرتن لە تەواوی فەرهەنگ و زمانەکان، خوازیاری پشتیوانیی خوێندکاران لەم بەیاننامەیە و وڵامدانەوەی بەرپرسانی زانکۆ لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بوون.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئێمە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، خوازیاری ڕێزگرتن لە هەموو گەلەکان، فەرهەنگەکان و زمانەکانی دونیاین و وەکوو ئەرکی ئێخلاقی و مرۆییمان، بە هیچ کەس و گرووپێکی پاوانخواز و یەکپارچەخواز ئیجازە نادەین، کە مافی هیچ مرۆڤێک پێشێل بکات".

هەروەها لە بەشێکی تری ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "هەموومان ئاواتمانە کە لە وڵاتێکدا بژین، کە خەڵکەکەی نە بە نەتەوەکەیان، بەڵکوو بە کەسایەتییەکەیان، هەڵسەنگێنرێن".

ڕۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردان، خوێندکارانی کچ و کوڕی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەدا، بۆ وڵامدانەوە بە بێڕێزیی "سەید عینایەت جوویبار"، بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی ئەم زانکۆیە بە جلوبەرگی کوردی، لە جووڵەیەکی هاوئاهەنگدا، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و ئامادەبوون لە کلاسەکانیاندا، وڵامێکی توند و ڕوونیان بە بەرپرسانی زانکۆ و بەسیجییەکان دایەوە.

ئەم بەرپرسەی بەسیجی خوێندکاری، داوای لە ئیتلاعات و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردبوو، کە هەر خوێندکارێکی کورد کە بە جلوبەرگی کوردییەوە بێتە نێو زانکۆوە دەسبەسەری بکەن. هەر بۆیە ئەم خوێندکارانە بە ئامادەبوونیان بە جلوبەرگی کوردی لە زانکۆدا، وڵامی ئەم بەسیجەی ڕێژیمیان دایەوە.