کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی ئێران خوازیاری "مانگرتن و شۆڕشـ"ـن

10:32 - 25 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان لە چوارەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوام بووە و دروشمەکان ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێتەوە. هەروەها خوێندکاران لە تاران خوازیاری مانگرتن و شۆڕشن.

خەڵکی ئێران کە دژی ڕێژیمی ئێران و ناڕەزایەتی بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ڕژابوونە سەر شەقامەکان، ناڕەزایەتییەکەیان لە چوارەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوام بووە. لەم کۆبوونەوانەدا، خوێندکاران داوا لە خەڵکی ئێران دەکەن کە شۆڕش بکەن.

دروشمی خوێندکاران باس لەوە دەکات کە ئەوان لە چوارچێوەی ئەم ڕێژیمەدا، نە "ڕیفراندۆمـ"ـیان دەوێت و نە "چاکسازی"، بەڵکوو خوازیاری "مانگرتـ"ـن و "شۆڕشـ"ـن و ڕووخانی ئەم ڕێژیمەیان دەوێت.

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە نەتەنیا خوێندکاران، بەڵکوو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان، باوەڕیان بە هیچ کام لە باڵەکانی دەسەڵات، چ ڕیفۆرمخواز و چ بناژۆخواز، نەماوە و چیتر بڕوایان بە پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم نییە و خوازیاری ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەن.

خۆپیشاندانەکان لە ئێران و کوردستان، ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار، دوای ئەوەی کە سپای تێرۆریستی پاسداران دانی بەوەدا نا کە ئەوان فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان بە مووشەک خستووەتە خوارەوە، دەستی پێکرد.

خوێندکاران لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا، ڕۆڵێکی کاریگەر و پڕڕەنگیان هەیە و داوا لە خەڵک دەکەن کە پشتیوانییان لێ بکەن.