کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارێکی ئێرانی بە تاوانی هەناردەکردنی کەلوپەلی ڕاداری ئامریکایی بۆ ئێران دەسبەسەر کرا

11:45 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خوێندکارێکی ئێرانی لە وڵاتی ئوسترالیا، هەوڵی هەناردەکردنی کەلوپەلی ڕاداری ئامریکایی بۆ ڕێژیمی ئێران داوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە میدیاکانی وڵاتی ئوسترالیادا، کەسێکی ئێرانی بە ناوی "ڕەزا دەهباشی کیوی" تەمەن ٣٨ساڵ، خوێندکاری دوکتورا لە زانکۆی کوئینزلەند، کەلوپەلی نیزامی  ئامریکایی کڕیوە و هەوڵی داوە بۆ ڕێژیمی ئێرانی بنێرێت.

کەناڵی ئەی بی سی ئوسترالیا، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە "ڕەزا دەهباشی کیوی" بەبێ ئەوەی سەفەرێکی بۆ وڵاتی ئامریکا هەبێت، لە ڕێگەی کڕینی ئانلاینەوە کەلوپەلی ڕاداری نیزامی لە ئامریکا کڕیوە.

ئەم ڕادارانە بۆ ناسینەوەی مووشەک و فڕۆکەی شەڕکەری تەیارکراو بە ڕادار بەکار دەهێنرێت، دەوڵەتی ئامریکاش ڕایگەیاندووە، کە ئەم کەلوپەلانەی لە کۆمپانیایەکی ئامریکای کڕیوە.

دەوڵەتی ئامریکا داوای کردووە، کە ئەم خوێندکارە ئێرانییە بۆ لێکۆڵینەوە ڕادەستی ئامریکا بکرێت.

دادگای ئوسترالیا، ڕەتی کردووەتەوە کە ئەم خوێندکارە ئازاد بکات و بڕیارە لە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەر لە بارەی ڕادەستکردنی ڕەزا دەهباشی بە دەوڵەتی ئامریکا بڕیار بدرێت.