کوردستان میدیا: ناوەندەگەرایی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران نە تەنیا نەهامەتی بۆ هەموو ئێران بەرهەم هێناوە بەڵکوو کوردستانی تووشی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و فەرامۆشی کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوەندەگەرایی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە تاران و باقی شارە فارس نشینەکان تەنیا لە بواری دارایی و ساماندا کورت نابێتەوە بەڵکوو بیر و مێشکی ئەو کاربەدەستانەشی گرتووەتەوە.
لەو پێوەندییەدا "خوسرەو کوردپوور" بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی "موکریان" باسی لەوە کرد، میدیاکانی نێوخۆیی ئێران و هاوبیرانی ئەو دەسەڵاتە لە دەروەی وڵات مێشکیان لە ئاستی ناوەندەگەراییدا ماوەتەوە و چاو لە هەموو شتێک دادەخەن و حاشای لێ دەکەن.
کوردپوور باسی لەوەش کرد، هەندێک لە هەواڵنیرەکانی دەسەڵات زاڵی ئێران و میدیاکانی ئەو دەسەڵاتە کە بە قسەی خۆیان باس لە پرۆفێشناڵ بوون کاری ڕاگەیاندن دەکەن خۆیان لە ڕاستییەکانی ڕووداوەکانی کوردستان دەشارنەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە، میدیا و هەواڵنێرانی ئێران باس لە سووتانی منداڵێکی ١٨ مانگەی کرماشانی کە لە خێوەتدا تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو ناکەن، یا باسی مردنی کچێکی ئیلامی بە هۆی تەقینەوەی مین ناکەن، کوشتنی کۆڵبەرێک لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئەو حکوومەتەوە ڕووماڵ ناکەن بگرە چەوشەکاریش دەکەن.
کوردپوور هەروەها گوتویەتی، ئەو کارەی میدیاکانی دەسەڵات و بەناو هەاڵنێرانی حکوومەتی ئێران کە لە ماڵپەڕ و میدیاکانی ئەو دەسەڵاتەوە کار دەکەن دەرەخەی بیرۆکەی ناوەندگەرایی و بێ ئەخلاقی و نابەرپرسیارەتی کاربەدەستانی دەسەڵاتی ئێرانە.