کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی خەڵک لە شارستانی سەراوان دژی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

18:01 - 5 رەشەمه 2720

دوای کوژرانی چەندین کاسبکار لە شارستانی ''سەراوان'' سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، خەڵکی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕزایەتی ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشیان کردە سەر چەندین دامودەزگای ڕێژیم کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی سەراوان شەقامەکانیان داخستووە و ئیداراتی ڕێژیم لەو شارە داخراون. هەروەها خەڵکی تووڕە و ناڕازی بەنیسبەت ئەم تاوانەی ڕێژیم دوو ماشینی هێزە ئینتزامییەکانیان سووتاند.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵک تەقەیان لە خەڵک کردووە، هەروەها گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە.

بەهۆی ئەم دۆخەوە هێڵی ئینتێرنێت و تەلەفۆن لەو شارە تێک چووە.

''عەبدووڵڵا عارف'' بەڕێوەبەری کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ٣ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لەم خۆپیشاندانەدا کوژراون.

خۆپیشاندانی خەڵکی بەلووچ بە دژی هێزەکانی ڕێژیم لەلایەن حیزبەکانی بەلووچی دژبەری ڕێژیمی ئێران وەکوو ''حیزبی خەڵکی بەلووچستان'' و ''حیزبی بەلووچستان ڕاجی تپاکی'' پشتیوانیی لێکراوە.

''حیزبی خەڵکی بەلووچستان'' لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئەوەی کە ئەو تاوانانەی بەتوندی مەحکووم کرد و لەگەڵ بنەماڵەی ئەو کاسبکارانە هاوخەمیی دەربڕی، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە ئەم تاوانە تۆقێنەرە مەحکووم بکەن.

ڕۆژی ڕابردوو ١٥ کەس لە کاسبکارانی بەلووچ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژران.