کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی کردن لە ئازادیی کەبوودوەند لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو

16:18 - 25 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی هێمنانە بۆ پشتیوانی کردن لە ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند لە لایەن کەمپەینی پشتیوانی کردن لە ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند لە شاری یوتوبۆری وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی،کەمپەینی پشتیوانی کردن لە ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند خۆپیشاندانێکی هێمنانەی لە گوستاڤ ئادۆلڤس تۆریی شاری یوتوبۆری وڵاتی سوید بەڕێوە برد.

چەندین لایەنی سیاسی و مەدەنی لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارییان کرد و کۆمەڵێ پەیام بەو بۆنەیەوە بە زمانەکانی کوردی، سویدی، ئینگلیزی و فارسی پێشکەش کران، کە نێوەڕۆکی گشت پەیامەکان هەلگری پشتگیری کردن بوو لە محەممەد سدیق کەبوودوەند بەرپرسی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان.

شایانی باسە محەممەد سدیق کەبوودوەند ماوەی چەندین ساڵە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەستبەسەرە و لەو ماوەیەدا وێڕای ئەو هەموو تۆمەتە ناڕاستانەی کە درابوونە پاڵی، لە زۆرێک لە مافە سەرەتاییە ئینسانییەکانی زیندانییەکی سیاسی بێبەش کراوە و ئێستا لە زینداندا لەگەڵ کۆمەڵێک نەخۆشین بەرەوڕوو بووەتەوە.

لەم خۆپیشاندانەدا کەمپەین خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ناوبراو و گشت زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا بوو، هەروەها لەو چوارچێوەیەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکوم کرد.

کەمپەین لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا بڕیاڕنامەیەکی ئاراستەی حکومەتی سوید و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەکرد.