کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی تاران ئاکامی سیاسەتی تێرۆره

19:13 - 6 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: "واشنتۆن تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە خۆپیشاندانەکانی تاران ئاکامی سیاسەتی تێرۆر، بۆنیادگەرایی و ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێرانە.

ڕۆژنامەی "واشنتۆن تایمز"ی ئامریکایی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کردووە و نووسیویەتی، خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەستانەوەی خەڵک دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ئاکامی سیاسەتی تێرۆر، بونیادگەرایی و ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێرانه.

لەو راپۆرتەدا هاتووە، ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو کە لە مەشهەد سەری هەڵدا و دواتر شارەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە، جیهانی تەکان دا، ئێستاش ئەو ناڕەزایەتییانە دیسان بە شێوەیەکی بەهێزتر لە تاران سەری هەڵداوەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەی "واشنتۆن تایمز"دا هاتووە \ناڕەزایەتییەکانی  تاران، شیراز، کرماشان، ئەراک و چەند شاری دیکەی ئێران دژی دۆخی ئابووری ڕێژیم بەڕێوە چوو، بەڵام ڕوخساری سیاسی بەخۆیەوە گرت.

قەیرانی دراو، داڕمانی ئابووری و گرانی شتومەک ئاکامی سیاسەتەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بووە کە داراییەکانی خەڵکی ئێرانیان بەفیڕۆ داوە. بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە داوی پڕۆژەی ئەتۆمی بوونە یا بە هەناردەکردنی بونیادگەرایی و هەڵایساندنی شەڕ لە ناوچەکەدا پەرەیان بە ناسەقامگیری داوە.

ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی "واشنتۆن تایمز"ی ئامریکای لە کاتێکدایە کە ڕۆحانی وتوویەتی: "ئابووری حکوومەت لەم مانگانەی دواییدا کاری تێنەکراوە و هەموو ئەو هەواڵانە پڕۆپاگەندەی ڕاگەیاندنی بیانین و تەنانەت لە خراپترین باردا، بەڵێن دەدەم پێویستییە سەرەکییەکان بۆ ئێرانییەکان دابین بکەم. ئێمە شەکر و گەنم و ڕۆنێکی زۆرمان بۆ خواردن هەیە."

ماوەی چەند ڕۆژە لە شاری تاران خەڵک دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان دەست پێکردووە و خۆپیشاندەران دروشمی دژ بە دەسەڵاتیان لەسەر شەقامەکان وتووەتەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە سەرکۆماری ئەو ڕێژیمە وادەی بە خەڵک داوە چارەسەری کێشەکان دەکات و دەتوانێت سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکات.