کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی لوبنان؛ "سەعد حەریری" دەستی لە کار کێشایەوە

12:29 - 8 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی ١٣ ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی لوبنان، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سەرەڕای ئەوەی کە بەڵێنیی چاکسازیی دابوو، دەستی لە کار کێشایەوە.

"سەعد حەریری"، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند کە لە پلەکەی خۆی دەکشێتەوە.

ناوبراو لە لێداونێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی کە گەیشتووەتە کۆتایی و دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ڕادەستی سەرکۆمار دەکات.

"حەریری" ڕایگەیاند کە دەست لە کار کێشانەوەکەی لەسەر داوای خۆپیشاندەران بووە.

ناوبراو زیادی کرد کە '' ئەمرۆکە لە چارەسەری کێشەکان تووشی بۆن بەست بووینە، دەبێت هەنگاوێکی گرینک هەڵبگیرێت تا لەگەڵ ئەم قەیرانە بەرەنگاری بکەین.

خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ئۆکتۆبر، دەستیان پێکردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت دەکەن.

هەروەها لە درێژەی ئەم خۆپیشاندانانەدا، ڕۆژی سێشەممە، لە ١٣هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خۆپیشاندەران لە دژی دەوڵەتی لوبنان، سەدان کەس لە لایەنگرانی گرووپی حیزبوڵڵا، هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتدپرێس، زۆرێک لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا باتۆمیان بە دەستەوە بووە و هێرشیان بۆ سەر خێوەتی خۆپیشاندەران کردووە و هەندێکیان سووتاندووە و ژەمارەیەکیشیان خراپ کردووە.

''حەسەن نەسروڵڵا"، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕۆژی هەینی وتبووی کە ڕووخانی سەرکۆمار و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و هەڵبژاردنێکی ناوەخت، قەبووڵ ناکات.

پێشتر، ''حەسەن نەسروڵڵا"، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا، سەرەڕای هەڕەشە لە خۆپیشاندەران، هۆشداریی دایە ئەو حیزبانەی کە دەیانهەوێت لە حکوومەت بکشێنەوە.