کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە عێراق درێژەی هەیە

11:51 - 24 بانەمەڕ 2720

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق بۆ گوشاری زیاتر لەسەر گرووپە نیزامییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بە مەبەستی وەدەرنانیان لە خاکی عێراق بەردەوامە.

شەوی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، خۆپیشاندەرانی عێراقی لە مەیدانی "ئەلئەحرار" لە "کەربەلا" خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە هێرشیان کرایە سەر و تێکەڵچوون لەنێوانیاندا هاتە ئاراوە.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، لە شاری "واست" لە باشووری عێراق، خۆپیشاندانێکی بەرین دژ بە حیزب و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و خامنەیی بەڕێوە چوو.

پاش هاتنە سەرکاری "مستەفا ئەلکازمی"، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، خۆپیشاندەرانی عێراقی تەکووزیی زیاتر و تەواویان لەسەر پرسی دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای هیزە نیابەتییەکانیەوە لەو وڵاتەدا کردووە.