کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراقی هێرشیان کردە سەر دوو بنکەی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران

11:48 - 5 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندەرانی عێراقی دوای مەرگی یەکێک لە چالاکانی سیاسی و هێرش بۆ سەر تەنزنووسێکی لایەنگری خۆپیشاندەران، هێرشیان  کردە سەر دوو بنکەی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بەفرانبار، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، ناڕازییان لە باشووری عێراق هێرشیان کردە سەر دوو بنکەی گرووپە میلشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

دوای مەرگی یەکێک لە چالاکانی سیاسی بە ناوی ''تاهیر ئەلتائێب'' لە شاری دیوانییە و هەروەها هێرشی چەکداری بۆ سەر ''ئوس فازڵ''، تەنزنووسێکی بەناوبانگی عێراقی، خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی گرتووە.

خۆپیشاندەران لە شاری دیوانییە سەرەتا بنکەی سپای ''بەدر''یان ئاگر تێبەردا و دواتر  هێرشیان کردە سەر بنکەی ''عەسائێبی ئەهلی حەق''. ئەم دوو گرووپە میلیشیایە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی و نیزامییان لێدەکرێت.

هەروەها، ڕۆژی هەینی، ٢٩ی سەرماوەز، خۆپیشاندەرانی عێراقی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کوژرانی چالاکێکی کرێکاری کە بەردەوام لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقدا بەشداریی کردووە، نووسینگە و بنکەی حیزبی دەعوە و سپای ''بەدر''یان لە شاری ناسرییە ئاگر تێبەردابوو.

یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ئەوەیە کە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بنبڕ بکرێت و هەروەها هەموو ئەو بەرپرسانەی کە سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن دەست لە کار بکێشنەوە.