کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراق داوای ڕووخانی حکوومەت و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی دەکەن

17:50 - 6 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هەزاران کەس لە قوتابیان و خوێندکارانی عێراقی هاتنە نێو ڕیزی خۆپیشاندەرانی ناڕازی و ڕایانگەیاند کە هەتا ڕووخانی حکوومەت و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە ناگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و زانکۆکان.

لە درێژەی شەپۆلی دووهەمی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، لە شارەکانی بەغدا، ناسرییە و دیوانییە بە تێکەڵ‌بوونی قۆتابیان و خوێندکاران و فەرمانبەران بە ڕیزی خۆپیشاندەران بە دروشمدان  داوای ڕووخانی حکوومەت و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی دەکەن. 

لە حالێکدا کە خوێندکاران لە بەغدا دروشمی ''هەتا ڕووخانی حکوومەت، ناچینەوە بۆ زانکۆکان''ـیان دەدا، سەدان کەس لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ لە شاری دیوانییە ڕایانگەیاند کە بۆ ڕووخاندنی دەوڵەت، ١٠ ڕۆژ مان دەگرن. 

سەندیکای مامۆستایانی عێراق هەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق کردووە، ئەگەر داواکاریی خۆپیشاندەران جیبەجێ نەکات، ئەوە مانگرتنەکە هەتا کاتێکی نادیار درێژ دەکاتەوە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەر، خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوز نزیک بوونەتەوە.

لە شەپۆلی دووهەمی خۆپیشاندانەکان، هەتا ئێستا لانیکەم ٧٤ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی ئەو وڵاتە کوژراون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوونە. 
خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق و گرووپە میلیشیا چەکدارەکان کراونەتە ئامانج.  

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبر، دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بێکاری، گەندەڵی ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستی پیکرد و هەتا ئێستا دڕێژەی هەیە. 

لەم خۆپیشاندانانەدا بەپێی ڕاگەیاندراوی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ٢٢٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوونە.