کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەران لە عێراق تەکووزی لەسەر چوونەدەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە دەکەن

12:26 - 22 بانەمەڕ 2720

سەرەڕای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نوێ لە عیراق و هاتنە سەر کاری سەرۆکوەزیرانی نوێ لەو وڵاتەدا خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوامن و داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتەکەیان دەکەن.

پاش هاتنە سەر کاری "مستەفا ئەلکازمی"، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، خەڵکی خۆپیشاندەری عێراق جارێکی دیکە هاتنەوە سەر شەقام و نێو مەیدانەکانی شار و بەردەوام بوون لەسەر ناڕەزایەتییەکانیان بۆ وەدیهێنانی داواکانیان.

لەم دەورەی خۆپیشاندانەکاندا، خەڵکی عیراق تەکووزییان لەسەر چوونەدەرەوەی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا کردووە و ڕاستەوخۆ بنکەی ئەو هێزانەیان کردووەتە ئامانج.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، خۆپیشاندەرانی عێراقی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە باشووری عێراق و ئاگریان تێ بەرداوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕ و ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕیش، خۆپیشاندەرانی عێراقی دەستیان بەسەر بینای پارێزگاری بەسرەدا گرتووە و داوای لەسەرکار لاچوونی پارێزگاری ئەو شارەیان کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە خۆپیشاندەران شەوی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕ،  لە مەیدانی "ئەلتەحریر"ی عێراق کە شوێنی سەرەکیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراقە کۆ بوونەوە و داوای جەزادانی "عادڵ عەبدولمەهدی" و کابینەکەیان کردووە کە لەژیر گوشاری ناڕەزایەتییەکاندا دەستی لە کار کێشایەوە.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، خۆپیشاندەران لەسەر "پردی جمهووری" کە دەگاتە ناوچەی سەوزی بەغدا و هەروەها لە شاری "زیقار" دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و داوای سزادانی خێرای بەڕێوبەرانی گەندەڵی ئەو وڵاتە و هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا و باشبوونی دۆخی بژێویی ژیانیان کردبوو.

"مستەفا ئەلکازمی"، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، پاش هاتنە سەر کاری دەستی بە دەستەبەرکردنی هەندێک لە داواکانی خەڵک کردووە.

ناوبراو لە حوکمێکدا، "عادل عەبدولمەهدی"، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و ئەندامانی کابینەکەی ناوبراوی خانەنشین کرد.

"ئەلکازمی" لە فەرمانێکی دیکەدا "عەبدولوەهاب ئەلساعدیـ"ـی کە فەرماندەیەکی ناوداری عێراق بوو و لابردنی ناوبراو لە سێپتامبری ٢٠١٩دا بوو بە چەخماخەی خۆپیشاندانەکانی عێراقی وەکوو سەرۆکی ڕێکخراوی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم دانا.

سەرەڕای ئەمانەش خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق تا بەدیهاتنی سەرجەم داواکانیان بەتایبەت کورتکردنی دەستی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بەردەوامە.