کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژیی لاوێک بە هۆی برسییەتی و هەژاری

11:47 - 30 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە شاری ئیزەی خووزستان، لاوێک بە هۆی هەژاری و برسییەتییەوە خۆی کوشت.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیم لە نێوخۆی ئێران، هەواڵی خۆکوژی لاوێکیان لە شاری ئیزەی سەر بە پارێزگای خوزستان بڵاو کردەوە؛ کە بە هۆی برسییەتی و هەژاری هەوڵی خۆکوشتنی داوە و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەدا گیانی لە دەست داوە.

ماڵپەڕی "رکنا"، کە تایبەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕووداو و کارەساتەکان لە ئێراندایە، یەکەمجار ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە و لە زاری دایکی ئەم کوڕەوە نووسیی: "خواردنی یەک حەوتووی ئەم بنەماڵەیە نانی وشک بووە، دوای نەمانی نانی وشک لە ماڵیاندا، ئەم مێرمنداڵە خۆی کوشتووە". هەر چەند دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕەش کراوە و ئەم ماڵپەڕە ڕایگەیاندووە، کە هێشتا هۆکاری خۆکوژیی ئەم لاوە ڕوون نییە.

دزی و گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، بووەتە هۆی خراپبوونی دۆخی ئابووریی خەڵک، بە شێوەیەک لە کە ئێستادا خەڵک لە ئێراندا زۆر بە زەحمەت دەتوانن نانی شەویان دابین بکەن و بەشی زۆری هاووڵاتییانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان.

ڕێژیمی ئێران لە جیاتی بەکارهێنان و خەرجکردنی داهاتی وڵاتەکەی بۆ خەڵکەکەی، لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکان و لە پشتیوانیی لە تێرۆریزم و نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا بەکاری دەهێنێت.

ماوەیەک پێش بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای خووزستان بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاندبوو، کە خۆکوژی لەم پارێزگایە لەم چەند مانگەی دواییدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆ بینییەوە، بە شێوەیەک کە لە هەر حەوتوویەکدا پێنج هەتا شەش ڕووداوی خۆکوژی ڕوو دەدات.

هەر لەم پێوەندییەدا هاوینی ئەمساڵ لە شاری ئابادان، منداڵێک بە هۆی ئەوەی کە دایکی بۆ دانی کرێی خانووەکەیان، موبایل و پاسکیلەکەی فرۆشتبوو، خۆی کوشتبوو.

هەروەها چەند مانگ پێش، لە شاری سنە، لە گەڕەکی نایسەر، دوای ئەوەی قوتابییەک لە لای هاوڕێیەکەی باسی ئەوەی کردبوو، کە زۆر حەزی لە چێشتی سەوزی خۆرشتە و بنەماڵەکەی توانای کڕینی پێداویستییەکانی ئەم خواردنەیان نییە و دایکی هاوڕێیەکەی دوای بیستنی ئەمە، پێداویستییەکانی ئەم خواردنەی بۆ ماڵی ئەم منداڵە بردبوو، باوکی منداڵەکە لە کاتی بیستنی ئەمە کارە، بە هۆی گوشاری دەروونی و هەژاریدا لە منداڵەکەی خۆی دەدات و منداڵەکە دەستبەجێ دەمرێت و باوکی منداڵەش لە دۆخێکی دەروونی دژاوردایە.