کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خێرخوازان لە کوردستان لە هەڵمەتی خێرخوازی و ئاوەدانیی گوندەکاندا بەردەوامن

12:47 - 19 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی بینای تەندروستیی گوندی "لەج" لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد نۆژەن کرایەوە.

پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای تەندروستیی ئەو گوندە  بە یارمەتیی سەید "جەعفەر نەبەوی" یەکێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە بەڕێوە چووە.

بینای تەندروستیی ئەو گوندە کۆن بووە و بۆ نۆژەنکردنەوەی ٦٠ملیۆن تمەن خەرج کراوە.

ئەو پرۆژەیە یەکەمین پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای تەندروستییە لە گوندەکان و ساڵی پێشووش بە یارمەتیی ئەو بنەماڵەیە کتێبخانەی گوندی لەج نۆژەن کرایەوە.

هەروەها چەند خێرخواز لە ناوچەی 'زیویە"ی سەقز لە ئەمساڵدا دەیانهەوێت چوار قوتابخانە دروست بکەن.

ئەو خێرخوازانە دەیانهەوێت لە ئەمساڵدا لە گوندەکانی "کانی سوور"، "حەنە میران" و "قەلا جوقە" قوتابخانەی بە ٢ و ٤ و ٣ پۆلەوە دروست بکەن.

ئەو خێرخوازانە هەروەها دەیانهەوێت بۆ قوتابخانەی گوندی "قشڵاق ڕەزا"  بڕی ٢٥٠ ملیۆن تمەن خەرج بکەن و تا ئێستا پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانەی "ئیسلام ئاوا"ی سەقز تەواو بووە.

لە ١٤٥ قوتابخانەی ناوچەی "زیویە" ١٠ لەسەدی کانێکسی و لە دۆخێکی خراپ دان.

لەو ناوچەیە زیاتر لە هەزار قوتابی لە هەشت قوتابخانەی شەوانەڕۆژیدا دەخوێنن.