ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی، خەڵاتی "مینا خانم" کە خەڵاتی ساڵانەی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، پێشکەش بە خاتوو "سەکینە جەوانمەرد"، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها ئەندامی دێرینی یەکیەتیی ژنان کرا.
خاتوو "سەکینە جوانمەرد" هەر پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەست بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە بووە و بەهۆی لێهاتووییەکانیەوە توانیویە قۆناخەکانی سەرکەوتن و بەرپرسیاریەتی ببڕێت.
خاتوو سەکینە بەهۆی ئەوەی پێش پەیوەستبوونی بە شۆڕش، پەرستار بووە و لەنێو شۆڕشیشدا بەوپەڕی ئەمەگەوە لە پێگەی پێشمەرگەیەکی پەرستارەوە خزمەتی گەلی خۆی کردووە.
خاتوو "سەکینە جەوانمەرد" سەرەڕای ئەرکی پێشمەرگایەتی، ماوەی چەندین ساڵ ئەرکی سکرتێری و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی لەسەر شان بووە.
خاتوو سەکینە لە کۆنفڕانسی یەکەمی ئەم ڕێکخراوەدا دەنگی متمانەی بۆ بوون بە سکرتێری وەرگرتووە.
خەڵاتی مینا خانم، ساڵانە پێشکەش بە ئەندامان و چالاکانی بواری ژنان دەکرێت، ئەمساڵ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی هەوڵ و تێکۆشانە بەردەوامەکانی "سەکینە جەوانمەرد"، لە بواری ژنان و مێژووی دوورودرێژی خەباتی یەکسانیخوازیی ناوبراو، بڕیاری داوە ئەم خەڵاتەی پێشکەش بکات.