کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی ٢٠٢١ی "مەڵبەندی هونەریی ماملێ" بە هونەرمەند "کاوە فەقێ‌زادە" بەخشرا

11:54 - 28 بەفرانبار 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکدا "مەڵبەندی هونەریی ماملێ" خەڵاتی ٢٠٢١ی بە "کاوە فەقێ‌زادە"، هونەرمەندی ئاوازدانەر و ژەنیاری ئامێری سەنتوور بەخشی.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی چەندین هونەرمەند، شاعیر، نووسەر و چەند کەس لە بنەماڵەی مامۆستا "محەممەد ماملێ" بەڕێوەچوو و لە ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتیی ئەمساڵی ئەو مەڵبەندە لەلایەن بنەماڵەی ماملێ پێشکەش بە "کاوە فەقێ‌زادە" کرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا چەندین شاعیر و نووسەری وەکوو "کەریم ‌سۆفی‌مەولوودی" ناسراو بە(تینوو)، "قاسم مۆئەیەدزادە ناسراو بە (هەڵۆ) و "عەبدوڵڵا ماملێ" وتە و شێعر و گۆرانییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ ماوەی ١٣ ساڵە دامەزراوە و وەکوو هێمایەک بۆ ڕێزلێنان لە زەحمەت و ماندووبوونی هونەرمەندانی کورد، ساڵانە خەڵاتی دیاری کردووە و خەڵاتی ئەمساڵی ئەو مەڵبەندە پێشکەشی کاوە فەقێ‌زادە هونەرمەندی ئاوازدانەر و ژەنیاری کورد کرا.

ئەو هونەرمەندانەی کە تا ئێستا مەڵبەندی هونەریی ماملێ خەڵاتی پێشکەش کردوون بریتین لە: "قادر عەبدوڵڵازاداە (قالەمەڕە)، ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری)، عەباس کەمەندی، عەزیز شاهڕوخ، ناسر ڕەزازی، زۆزان، تیپی مۆسیقای سلێمانی، مەزهەر خالقی، خەلیل غەمگین، حوسێن سەفامەنێش، محەممەدڕەزا دارابی و دڵشاد سەعید".

کاوە فەقێ‌زادە هونەرمەندی ئاوازدانەر و ژەنیاری کورد، دانیشتووی شاری مەهاباد، ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە.

 ناوبراو دەستێکی توانای لە کۆکردنەوەی ئەلفوبێی ئاوازی فۆلکلۆری کوردی و نووسینەوەی نۆتی ئاوازە ڕەسەنەکانی کوردی بە تایبەت ئەو گۆرانییانەی کە بە دەنگی هونەرمەندە گەورەکانی کورد وتراوەتەوە، هەبووە.

ناوبراو چەندین خولی فێرکاریی ئاوازی کوردی بۆ ئامێری سەنتوور بەڕێوە بردووە. خاوەنی ٣٥ ساڵ ئەزموون و ژیانی هونەرییە و تا ئێستا ١٥ کتێبی لەسەر هونەری ئاوازی کوردی چاپ کراون.

مامۆستای مووزیکناسیی لە زانکۆی هونەری "ڕەسام" لە تاران وەرگرتووە.

ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی "فێرگەی مووسیقی وەفایی" لە مەهاباد و ساڵی ١٣٨٩ "ئۆرکێسترای فلارمۆنیکی موکریانی" دامەزراندووە.