کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکانی ئێران لە خەمبارترین و خەمۆکترین خەڵکانی جیهانن

11:12 - 5 بەفرانبار 2721

بەپێی هەواڵدەریی "عەسری ئێرانـ"ـی سەر بە ڕێژیم، "حوسێن محەممەدی" مامۆستای زانکۆی "خوارزم" بە ئاماژەدان بەوەیکە کۆمەڵگە دڵخۆشیی ون کردووە وتوویەتی: "بارودۆخی بێسەرەوبەرەی دەروونی و خەمباریی خەڵک بە ڕوونی لە هەڵسوکەوتی ئاسایی ڕۆژانەی ئەو خەڵکە لە کۆڵان و شەقام و لە ڕووداوەکانی ئاسایی ژیانیاندا دەبیندرێت".

"محەممەدی" وتوویەتی، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەنجام دراوە، ئێران لەنێوان ١١٥ وڵاتی جیهان کە لەواندا بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی دڵخۆشی کرابوو، لە پلەی ١٠٥دا بووە.

ئەو مامۆستایە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "ماوەی ٧ ساڵ لەو لێکۆڵینەوەیە تێدەپەڕێت و بێگومان بە سەرنجدان بە هەڵکشانی گوشارە ئابووری و دەروونییەکان لە ساڵەکانی پێشوو، ئێران کەوتووەتە پلەی کۆتایی ئەو خشتەیە و ئێستا ئێمە یەکێک لە خەمبارترین و خەمۆکترین خەڵکانی جیهانین".

ناوبراو هەروەها زیادی کردووە: "ڕادەی سەبر و بەرگەگرتنی خەڵکی ئێران لە ساڵەکانی دواییدا زۆر هاتووەتە خوارەوە و بە بچووکترین جووڵەی دژ بە یەک تووڕە دەبن و جنێو دەدەن و ئارامییان نامێنێت".