کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی تورکیە بەهۆی دابەزینی نرخی لیرە بە دژی "ئەردۆغان" ڕێپێوانی گشتییان بەڕێوە برد

11:22 - 3 سەرماوەز 2721

لە دوای دابەزینی ١٥ لەسەدیی نرخی لیرە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی سەرماوەز، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا خەڵکی تورکیە ڕژانە سەر شەقامەکانی شارەکانی "ئیستانبووڵ و ئانکارا" و دژی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرکۆماری ئەو وڵاتە ڕێپێوانیان بەڕێوە برد.

لەو ڕێپێوانەدا خەڵکی ناڕازی داوایان دەکرد کە "ئەردۆغان" دەست لە کار بکێشێتەوە و حیزبی دەسەڵاتداری "عیداڵەت و گەشە" کۆتایی بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بهێنێت.

لە کاتی کۆتایی ئاڵووێری ڕۆژی دووشەممەی بازاڕی جیهانی دراودا، دۆلارێکی ئامریکا لە بەرامبەر ١١.٤٢ لیرەی تورکیە ئاڵوگۆڕی پێ کرا، ئەو نرخە لە ماوەی ئاڵوگۆڕی ڕۆژی دووشەممەدا گەیشتە ١٣.٤٥ لەسەد.

بەو پێیە لیرەی تورکیە ڕۆژی سێشەممە زۆرترین ڕێژەی ئاستی دابەزینی دراوەکەی لە ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٧ـەوە هەتا ئێستا ئەزموون کردووە کە لە بەرامبەر دۆلاری ئامریکا ١٥ لەسەد دابەزیوە.

بەپێی هەواڵەکانی "یورۆنیوز" دابەزینی لیرەی تورکیە لە دوای ئەوە پەرەی گرت کە "ئەردۆغان" ڕۆژی دووشەممە جارێکی دیکە پشتیوانیی لە سیاسەتی کەمی ڕێژەی سوودی پارە کردووە.

بانکی ناوەندیی تورکیە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕەزبەر لەژێر گوشاری "ئەردۆغان"دا نرخی سوودی پارەی بە ١٥ لەسەد گەیاند کە نزمتر لە نرخی هەڵاوسانی نزیک ٢٠ لەسەدی تورکیەیە.

سەرکۆماری تورکیە ڕۆژی دووشەممە پیش دانیشتنی بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتوویەتی کە پیلانێک دژ بە وڵاتەکەمان لە ئارادایە و لەبەرامبەر ئەو کەسانەدا ڕادەوەستم کە بەدوای بەرزبوونەوەی نرخی سوودن.

لەلایەکی دیکە "داود ئۆغڵوو" سەرۆکوەزیری پێشووی تورکیە و سەرۆکی حیزبی داهاتوو، لە دژکردەوە بە دابەزینی نرزی لیر وتوویەتی: "هەمیشە وتوومانە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەمان دەوێت بەڵام ئێستا نا، هاوڕێیانی من و ئێمە داوای هەڵبژاردنێکی خێرا دەکەین، هەر ئێستا هەڵبژاردنمان دەوێت.