خەڵکی تورکەمەن لە شاری گۆنبەدی کاووس سەر بە پارێزگای گوڵستان بەرانبەر بە جەنایەتی یەکێک لە مەئموورانی ڕێژیم دەستیان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کردووە.
ماوەی ٢ ڕۆژ دەبێت کە خەڵکی گۆنبەدی کاووس بەرانبەر بە دەستدرێژیی یەکێک لە مەئموورەکانی ڕێژیم بۆ سەر ٢ منداڵی ٧ و ٨ ساڵە دەستیان داوەتە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی.
پاش تێکەڵبوونی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم خەڵک هێرشیان کردووەتە سەر ماشینەکانی هێزە ئینتزامییەکان و شووشەکانیان شکاندن و درێژەیان بە خۆپیشاندان داوە.
ئەو خۆپیشاندانانە لە زۆر شوێندا بووەتە هۆی تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی ڕێژیم و خەڵکی تورکەمەندا.
لە یەکێک لە گوندەکاندا بە ناوی "عەرەب سەرتەک" هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە گازی فرمێسکڕێژ و نارنجۆکی دووکەڵی هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و هەوڵی پەرتەوازەکردنی خەڵکیان داوە.
بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارەدا لە هەستانەوەی یەکگرتووی خەڵک ترساون و لە خەڵکی تورکەمەن دەپاڕێنەوە کە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانیان بهێنن.
ئەو خۆپیشاندانانە لەلایەن خەڵکی تورکەمەنەوە بەهۆی دەستدرێژیی نیگابانی بەنداوی گوڵستان بۆ سەر دوو کچی ٧ و ٨ ساڵە لە گوندی "عەرەب سەرتەک" هاتە ئاراوە.