
کوردستان میدیا: ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی خوڕەمشار، لە جیاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نوێژی هەینی، لە هەمبەر مزگەوتی گەورەی ئەو شارە، بە بۆنەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، ئەم خۆپیشاندانە ڕۆژی هەینی ٨ی پوووشپەڕ، لە شاری خوڕەمشار لە بەرەدم مزگەوتی گەورە بەڕێوە چوو و لە کاتێکدا کە پێشنوێژی هەینی ئەو شارە دەیەویست بڕواتە ژوورەوە و نوێژی هەینی بەڕێوە ببات، خەڵک بە دانی دروشمی "بەبێ ئاو نوێژەکانتان باتڵە"، بەڕێوەچوونی نوێژی هەینییان وەدوا خست و هەتا کۆتاییی نوێژەکەش خۆپیشاندانەکە هەروا بەردەوام بوو.
هەر لە پێوەندی دۆخی نالەباری کەشوهەوا و بێئاویی، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش بە هۆی وشکبوونی تاڵاوەکان، زۆربەی ناوچەکە بووەتە بیاوان و خەڵک جیا لەگەڵ بێئاوی لەگەڵ تۆزوخۆڵیش ژیانی چەرمەسەرێ تێدەپەڕێنن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی بەرزبوونەوەی زیخ و خۆڵی بیاوانەکانی سیستان و بەڵووچستان، دەیان کەس ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون، لەم پێوەندییەدا یەکێک لە شرۆڤەکارانی پرسی سیستان و بەلووچستان دەڵێت: ٣٠ لەسەدی خەڵکی بەلووچستان بە بۆنەی دۆخی نالەباری ژیان و کەشوهەواوە ئەم پارێزگایانە بەجێ هێشتووە.
خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی پارێزگای خووزستان و پارێزگاکانی دیکەی ئێران لە حاڵێکدا لەگەڵ بێئاوی بەسەر دەبن، کە ڕێژیمی ئێران ئاوی شیرین ڕووباری کاروون و ناوچە پڕئاوەکانی دیکەی ئێران بە لوولەی گەورە یان بۆ شاری بەسرەی عێراق، یان بۆ ناوچە ناوەندییەکانی ئێران ڕادەکێشێت؛ هەتا زیاتر بتوانیت سیاسەت پاوانخوازانەکانی خۆی لە ئێران و عێراقێک پەرە پێ بدات، کە ٨ ساڵ بە بیانووی گرتنی کەربەلا و لەوێشەوە قودس، زۆرێک لە خەڵکی بێتاوانی عێراق و ئێرانیشی قوربانی خەیاڵ و ئەفسوونە دواکەوتووەکانی خۆی کرد.