کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی سنە لەگەڵ کێشەی بێ ئاوی بەرەوڕوون

11:35 - 3 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی گوندەکانی قار و دووشان لە شاری سنە، کێشەی نەبوونی ئاویان هەیە و تاکوو ئێستا بەدواداچوون و داواکارییەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.

هاووڵاتییەکی نیشتەجێی ئەم گوندانە سەبارەت بە کێشەی ئاو و کەمئاوی لە گوندەکانی قار و دوشان، باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا و لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە کە هەوا زۆر گەرم بووە، تەنانەت ئاوی پێویست بۆ خواردنەوەشیان نەبووە و بەدواداچوونەکانیان بێ وڵام ماوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە هەروەها لەمبارەوە ڕایگەیاند: "ئیدارەی ئاو لە وڵامی داواکارییەکەماندا پێی ڕاگەیاندووین کە لەگەڵ دێهیار قسە بکەین و دێهیاریش باسی لەوە کردووە کە خودی ئیدارەی ئاو بەرپرسیارە و هیچکامیان هیچ وڵامێکی دروست بە خەڵکەکە نادەنەوە".

هەندێک لە خەڵکی ئەو شوێنە باسیان لەوە کردووە کە تانکری ئاویان هەیە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەی پلەی گەرما، ئاوەکە بۆ بەکارهێنان ناشێ.

لە لایەکی ترەوە هاووڵاتییەکیش بە ناڕەزایەتیی تەواو لە دۆخەکە باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتای گەلاوێژەوە نەیتوانیوە پاک و خاوێنیی منداڵەکانی بکات و ناچار بووە کە بۆ ئەم مەبەستە پەنا بۆ خزمەکانی لە گەڕەکەکانی دیکەی شاردا ببات.

پچڕاندنی ئاوی گوندگەلێکی وەک قار و دووشان و ئاساوڵە کە لە بواری ئیمکاناتیشەوە سەر بە ناوچە پەراوێزنشینەکانی شاری سنەن، لە هاویندا و هاوکات لەگەڵ ئەو هەموو باران بارینانەی کە ئەمساڵ لە کوردستان و ئێراندا هەبوو، دوور لە مەنتیقە، هەر بۆیە خەڵک خوازیاری گرینگیدانی کاربەدەستانی ڕێژیم بە دۆخی ژیانیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانن.