کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی سەرپێڵ زەهاو لەگەڵ قەیرانی بێئاوی بەرەوڕوون

19:07 - 31 جۆزەردان 2720

خەڵکی ناوچەکانی "سەرپێڵ زەهاو" لەگەڵ قەیرانی کەمئاوی بەرەوڕوون و ڕۆژانە کەمتر لە ٤ کاتژمێر دەستیان بە ئاو دەگات.

کەمی و نەبوونی ئاو لە شاری سەرپێڵ زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان بووەتە هۆی بێزاری و نیگەرانیی خەڵکی ئەو شارە و دۆخێکی ئەستەم و قەیراناوی بەدی هاتووە.

خەڵکی سەرپێڵ زەهاو لە هەر ڕێگایەکەوە هەوڵیان داوە کە دەنگی خۆیان بە بەرپرسانی ڕێژیم بگەیەنن، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە ئەرکەکانی خۆیان ئاگادار نین و بەرپرسایەتیی ئەو قەیرانانە لە ئەستۆ ناگرن.

دەیان گوند لە شاری سەرپێڵ زەهاو ئاویان نییە و تەنانەت چەندین گوند، لەوانە "حەسەن سلێمان و میوەلی و شێرخان" لە کاتی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵ زەهاوەوە هەتاکوو ئێستا ئاوی خواردنەوەیان نییە.

شارەداریی ئەو شارە لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ئاوی پیسی بەناو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە کە بۆ خواردنەوە نابێت.

لە نموونەی ئەو گوندانەی کە لەگەڵ قەیرانی کەمئاوی بەرەوڕوون بریتین لە: "بابا ئسکەندەر، هەنیدەر، قەرەبڵاغی گەورە، شارەکی کشتوکاڵیی قەرەبڵاغ، زەڕینجوو، شارەکی مەشاغڵ، داربەڕوو، کلاوە، حەسەن سلێمان، میوەلی و شێرخان، قەڵای ڕەشید ئاغا و قەرەبڵاغی شێخ مراو و...".

شاری سەرپێڵ زەهاو لە پاش بوومەلەرزەکانەوە لەگەڵ قەیرانگەلێکی زۆر بەرەوڕوو بووەتەوە و ڕێژیم هیچ هەوڵێکی کردەیی بۆ باشتربوونی دۆخی خەڵکی نەداوە.