کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شاری سەقز، ئاوی خواردنەوەیان لە کانیاوەکان دابین دەکەن

10:45 - 4 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی دۆخی خراپی ئاوی شاری سەقز و پچڕانی بەردەوامی ئاوی ماڵان لەم شارەدا، خەڵک بە ناچاری و بەمەبەستی دابینکردنی ئاوی پێویست، ڕوویان لە کانیاوەکان کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری سەقز بە ناردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، باسی لەوە کردووە کە کێشەی ئاوی خواردنەوە لەم شارەدا گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵک بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خۆیان، کاتژمێر ١١ی شەو لە بەردەم کانیاوەکاندا، لە نۆرەدا ڕادەوەستن.

پیسیی ئاوی خواردنەوەی شاری سەقز ماوەیەکی زۆرە باسی لێوە دەکرێت و خەڵک بەنیسبەت ئەو کێشەیە داوای چارەسەریان کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا ڕێژیم بە هیچ شێوازێک وڵامدەری خەڵک نەبووە.

ئیدارەی تەندروستیی شاری سەقزیش سەبارەت بەم پرسە بێدەنگە و هیچ ناوەندێکی پێوەندیدار بەم بابەتەش بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

بەهۆی پیسبوونی ئاوی ئەم شارە خەڵک لەڕووی ناچارییەوە بۆ ئاوی خواردنەوە پەنایان بردووەتە بەر ئاوی بیری ماڵان، یان ئاو دەکڕن. زۆربەی جاریش لە کانییەکانی نێوشار وەک: ''کانی شاناز، کانی کەڵانتەر و کانی بەردینە''، ئاوی خواردنەوەی خۆیان دابین دەکەن.