ماوەی نزیک بە دوو ساڵە خەڵکی عێراق بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و دەستێوەردانی دەرەکی خۆپیشاندان دەکەن و هەتا ئێستاش ئەو خۆپیشاندانانە بەردەوامە.
ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانبار خەڵکی پارێزگای ناسرییە لە مەیدانی "حبووبیـ"ـی ناسرییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کۆ بوونەوە.
ئەوان لەو خۆپیشاندانەدا دروشمی "شۆڕش، شۆڕشـ"ـیان وتووەتەوە و خوازیاری نەمانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و حیزبە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوونە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا لە ساڵمەرگی کوشتنی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" ڕێپێوانیان کردووە و دژ بە ئامریکا دروشمیان داوە.
بابەتی سەرەکیی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق بوونی هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لەو وڵاتەدا کە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا دەکەن و هەروەها ئەو وڵاتەیان کردووە بە مۆڵگەی خۆیان.