کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ڕۆژهەڵات دژی هێرشەکانی تورکیە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا

13:13 - 20 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە شاری مەریوان، خەڵکی تیکۆشەری ئەو شارە بۆ مەحکوومکردنی هێرشەکانی تورکیە خۆپێشاندانیان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ۱۹ی ڕەزبەر، کاتژمێر ۴ی دوانیوەڕۆ، لە پاڕکی میللەتی شاری مەریوان (باخ پارک) خۆپیشاندانێک لە لایەن خەڵکی ئەم شارەوە دژی هێرشی دڕندانەی حکوومەتی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی بێ دیفاعی ئەو بەشەی کوردستان، بەڕێوەچوو.

لەم خۆپیشاندانەدا دروشمگەلێکی لە چەشنی: "مەرگ بەر دیکتاتۆر، بژی بەرخۆدانا ڕۆژئاڤا، ڕۆژئاڤا تەنیا نییە، هەتا کوردێک بمێنێ کوردستان هەر دەمێنێ"، درا.

لەم خۆپیشاندانەدا هێزەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران و جاش و بەکرێگیراوەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و بڵاوەپێکردنی خەڵک لە ئامادەباشیدا بوون و لە ئاکامیشدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ڕێژیم و خەڵک ڕووی دا.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە باتۆم هێرشیان کردە سەر خەڵک و خەڵکیش بەردبارانی هێزەکانی ڕێژیمیان کرد که یەکێک لەو کەسانە بەردی خەڵکی لێ درا، سەرۆکی دەزگای سەرکوتکەری ئاگایی ڕێژیم بوو کە خۆی بە باتۆم لە خەڵکی دەدا و لە لایەن خەڵکەوە بەردباران کرا.

لەو خۆپیشاندانەدا چەندین کەس دەسبەسەر کران.