کوردستان میدیا: خەڵکی شارەکانی کوردستان لە هەڵمەتێکی خۆڕسکدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی لوڕستانەوە دەڕۆن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای بارینی بارانێکی زۆر و هاتنی لافاو بۆ شارەکانی کوردستان و بەتایبەت لوڕستان و گرینگی نەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە بارودۆخی ئەو ناوچەگەلە و بەتایبەت لوڕستان، خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان، بە دانانی کەمپەین و بە شێوەیەکی خۆڕسک، هەوڵی کۆکردنەوەی شمەکە سەرەتایییەکانیان بۆ خەڵکی لێقەوماوی لوڕستان داوە.
لە دوای بانگەشەی کەمپەینی "زاگرۆس چەشەڕەمونە"، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوت ١٤ی خاکەلێوە، ئەو کەمپەینە لە مەیدانی "باوەڕەشی"، لە شاری مەریوان بە شێوەیەکی خۆڕسک و لە لایەن خەڵکەوە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بە لێقەوماوانی لوڕستان دەستی پێ کرد.
هەر لەو پەیوەندییەدا، خەڵکی "کامیاران"، لە هەڵمەتێکی خۆڕسکدا هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی "لوڕستان"، "کرماشان" و "ئیلامـ"ـیان دا و بەو شێوەیە هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خەڵکی لافاولێدراوی ئەو شارانە دەربڕی.
هەروەها لە شاری "سنە"ش، خەڵک بۆ بە هاناوەچوونی خەڵکی لافاولێدراو، هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی و کەلوپەلی پێویست و سەرەتایییان دا و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان بۆ خەڵکی لوڕستان دەربڕی.