کوردستان میدیا: خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، بۆ پشتیوانیی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی حیزبی دێموکرات، لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان، لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە، یەکدەنگی و یەکگرتووییی خۆیان لەگەڵ پێشمەرگە دەربڕی.
لە شاری سنەی قارەمان، تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگە، بەرەو پیریی ڕۆژی پێشمەرگەوە چوون و ڕێزیان لەو ڕۆژە مێژوویییە گرت.
هاوکات لە شارەکانی مەریوان، مەهاباد و شنۆ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی جۆراوجۆر وەک نووسینی دروشم، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و وێنەی تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، خۆشەویستی و ئەمەگناسیی خۆیان به پێشمەرگە دەربڕی.