کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی گوندێکی کرمان بەهۆی برسیەتییەوە وێنجە دەخۆن

11:38 - 5 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەوانێکی دێکیۆمێنتساز پەردەی لەسەر دۆخی نەشیاوی ژیان لە یەکێک لە ناوچە بێبەشکراوەکانی ئێران هەڵدایەوە کە خەڵکەکەی بەهۆی برسیەتییەوە وێنجە دەخۆن.

زەهرا موشتاق، دێکیۆمێنتساز و چالاکی مافی مرۆڤ لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا بۆ ناوچە بێبەشکراوەکانی ئێران ڤیدیۆیەکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا خەڵک بەناچاری و بەهۆی برسیەتییەوە نان و وێنجە دەخۆن.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا کە لە گوندی "حسەین‌ئاوا"ی کرمان گیراوە خەڵکانێک دەبیندرێن کە لە خانووە گڵییەکانیاندا دەژین و بەهۆی هەژاری ڕووت و برسیەتییەوە هاوشێوەی ئاژەڵەکانیان نان و وێنجە دەخۆن؛ ئەم ڕۆژنامەوانە لە کاتی گرتنی ڤیدیۆکەدا باس لە ڕەوشی خراپی ژیانی ئەو خەڵکە دەکات و دەڵێ: وشکەساڵی و بێئاوی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و بەشی بەرچاوی خەڵکی ئەم ناوچەی ناچار کردووە زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتەڤیدیۆییە کە دەرخەری بوونی دۆخێکی نەشیاوە لە ئێراندا، هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی ئەم دواییانەی حسەین ڕاغفەر سەبارەت بە ڕێژەی هەژاری ڕەها لە ئێراندا کە وتوویەتی: 33%ی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری ڕووتدا دەژین کە تەنانەت توانای دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە.

لە سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵ و باندەکانییەوە، دەبینین کە سامانی ئێران و نەتەوەکانی لەباتی سەرف کردن بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵک بۆ پڕچەک‌کردنی لایەنە تێرۆریستییەکان و پەرەدان بە سیاسەتە دژەمرۆییەکانی خۆیانە.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە خومەینی لەسەرەتای هاتنە سەرکاریدا بەڵێنی ئەوەی بە خەڵک دابوو کە ئاو و بەرق و ئۆتوبووس بە خۆڕایی دەبێت و پارەی نەوت دەخرێتە سەر سفرەی خەڵک وەڵام ئەوەیکە ئەمڕۆ دەبیندرێ بەپێچەوانەوەیە.