کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئیلام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:18 - 25 بانەمەڕ 2720

دانیشتووانی گەڕەکی پارکی ''خەتیـ"ـی مەیدانی موعەلیمی شاری ئیلام بەهۆی ئەوەیکە شارەداری و شورای شاری ئیلام داواکارییەکانییان بۆ جێبەجێ ناکەن ناڕەزایەتییان دەربڕی.

دانیشتوانی ئەو گەڕەکە ڕایانگەیاندووە، چەندین جارە بە شێوەی نووسراوە داوایان لە شارەداری و شورای شاری ئیلامی کردووە پارکی خەتی دروست بکەن.

کاربەدەستانی ڕێژیم هەتا ئێستا ئەو داواکارییەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکەیان جێبەجێ نەکردووە و خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەهۆی ئەوەیکە ئەو گەڕەکە ئاسفاڵت نەکراوە و خاکییە لە وەرزی هاوین و بەتایبەتی لە زستاندا کێشەیەکی زۆر بۆ دانیشتووانی ئەو گەڕەکە دروست دەکات.

دانیشتووانی ئەو گەڕەکە باس لەوە دەکەن ماوەی دوو ساڵە بەدواداچوونی ئەو کێشەیە دەکەن بەڵام هەتا ئێستا کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە.

پارێزگای ئیلام لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات جیا لەوەیکە خزمەتگوزاریی زۆر کەمی بۆ ئەنجام دەدرێت وەک یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکان لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ئەژمار دەکرێت.