کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران بۆ دابینکردنی گاز دەبێ چەند کاتژمێر کات تەرخان بکەن

11:22 - 10 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە هەندێک لە شوێنەکانی ئێران گاز بەسەختی دابین دەکرێت و خەڵکی شار و ناوچە جیاجیاکان بۆ دابینکردنی گاز و پڕکردنەوەی کەپسوولێکی گاز، زیاتر لە دوو کاتژمێر لە سەفدا ڕادەوەستن.

بڵاوبوونەوەی چەندین گرتەی ڤیدیۆیی نیشان دەدات کە لە پارێزگاکانی خووزستان و شیرازدا، خەڵک ناچارن بۆ دابینکردنی کەپسوولێکی گاز چەند کاتژمێر لە سەفدا ڕابووەستن.

هاتنەخوارەوەی پلەی گەرما لەو شارانەدا، پێویستیی خەڵکی بە کەرەستە گەرماییەکانی زیاتر کردووەتەوە و خەڵک ناچارن بۆ پاراستنی خۆیان لە سەرما، لە سەفی درێژی پڕکردنەوەی کەپسوولی گازدا ڕاوەستن.

پاش ٤١ ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران و بەڵێنییەکانی خومەینی کە باسی لە بەخۆڕایی کردنەوەی ئاو و کارەبا و هەروەها خزمەتگوزاریگەلی دیکەی بۆ خەڵک دەکرد، هێشتا زۆربەی شارەکانی ئێران، لە گازی شاری بێبەرین و بۆ گەرمکردنەوەی خۆیان لە وەرزە ساردەکاندا دەبێ لە کەپسوولی گاز، نەوت و کەرەستە کارەباییەکان کەڵک وەربگرن کە زۆر جاریش ڕووداوگەلی دڵتەزێن و قوربانیبوونی هاووڵاتییانی لێدەکەوێتەوە.