کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکانەوە کۆچ دەکەن

13:39 - 12 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکان لە ئێران، کۆچکردنی خەڵکی ئێران بۆ تورکیە، ١٥٠ لەسەد بەرز بووەتەوە و خەڵکی ئێران لە ڕیزی یەکەمی داواکارانی نیشتەجێبوون لە وڵاتی تورکیەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم، شارومەندانی ئێرانی لە ٦مانگی ڕابردوودا، ٢ هەزار و ٢٠٢ مڵکیان بە بڕی ٥٥٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار، لە تورکیە کڕیوە و بەپێی ئامارەکان، کۆچکردنی خەڵکی ئێران بۆ تورکیە ١٥٠ لەسەد بەرز بووتەوە.

ئەم هەواڵدەرییە باسی لەوە کردووە کە ئێران لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و سەپاندنی چڕی گەمارۆکان، تووشی هەڵاوسان بووە.

لێکۆلینەوەی ئامارەکانی کۆچکردنی وڵاتی تورکیە نیشان دەدات کە لە کۆی کۆچکردووان بۆ وڵاتی  تورکیە لە ساڵی ٢٠١٨دا، خەڵکی ئێران ٦.٨ لەسەدی پێک دەهێنن.

لەم پەیوەندییەدا، پێشتر نووسینگەی کاروباری پەنابەرانی یەکیەتیی ئورووپا لەبارەی بەرزبوونەوەی پەنابەران و کۆچکردووانی ئێرانی لە ئورووپا، هۆشداریی دابوو.

لە مانگی دیسامبری ساڵی ٢٠١٨، نووسینگەی کاروباری پەنابەرانی یەکێەتی ئورووپا ڕایگەیاند کە لە مانگی ئوکتۆبری ٢٠١٨دا، بە ڕێژەی ٣ هەزار و ١٧٠ شارومەندی ئێرانی، داوای پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا کردووە.

بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکان، گرانیی لەڕادەبەدەر، بێکاری و نەبوونی ئازادی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک ناچار بوونە ئێران بەجێ بهێڵن و ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن.