کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک یارمەتییەکانی خۆیان بۆ لافاولێداراون تەنیا بە ناوەندە خەڵکییەکان دەسپێرن

12:33 - 16 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هەڵمەتی کۆکردنەوە و بەخشینی یارمەتی بە لافاولێدراوانی پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەرەی سەندووە و خەڵک بە دڵفراوانی و هەستی مرۆڤدۆستانەوە، یارمەتی لیقەوماوانی لافاوەکە دەکەن، بەڵام یارمەتییەکانی خۆیان تەنیا بە ناوەندە خەڵکییەکان دەسپێرن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەبارەت بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بۆ خەڵکی لافاولێدراوی پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لەمەڕ زۆربوونی یارمەتییەکان و هەروەها ڕێژەی بەهاناوەچوونی خەڵک، باسی لەوە کرد، کە کردەوەکانی رێژیمی ئێران و کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمه بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک بەتەواوەتی پشت لە ڕێژیم بکەن.

خەڵک لە شارەکانی کوردستاندا، پێش لە بەخشینی یارمەتییەکانیان پرسیاری ئەوە دەپرسن، کە ئایا ئەو کەمپەینە خەڵکییە یان دەوڵەتی؟ چونکه بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕووداوی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی شاری سەرپێڵ لە پارێزگای کرماشان، بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێژیمی ئێران یارمەتییە کۆکراوەکان بە لێقەوماوان ناگەینرێت و گرینگی بە دۆخی لێقەوماوان نادات.

ڕێژیمی ئێران لە دۆخە قەیراناوییەکاندا، تەنیا بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دوور لە ڕاستی و شانۆگەرییەکی تەواو سیستماتیکەوە دەست دەکات بە چەواشەکاری کە گوایه لە کاتە قەیراناوییەکاندا یارمەتیدەری خەڵکە.

بەپێی وێنه و ڤیدئۆ بڵاوکراوەکان کۆکردنەوەی یارمەتی لە کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانه بەردەوامه و خەڵكی مرۆڤدۆست و نیشتمانخۆشەویستی کوردستان بە هەر چەشنێک کە بۆیان بلوێت یارمەتییەکانی خۆیان بە خەڵکێ لێقەوماوی لوڕستان و ئیلام دەگەینن؛ تا جێگایەک کە منداڵێک پارە کۆکراوەکانی خۆی بە کەمپەینەکان دەبەخشێت و یەکێکی دیکە بە گەیاندنی پەیامی ڤیدئۆیی هێڵی بەتاڵبوون بە سەر ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن و جیاکردنەوەی شارەکانی کوردستان لە یەکتر بە ڕێژیمی ئێران دەگەینێت و پشتیوانیی خۆی لە هاونیشتمانییەکانی دەردەبرێت.

کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانه، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی لە شارەکانی مەریوان، سنه، سەلاسی باوەجانی و هەروەها ئیلام لە چالاکییەکانی خۆی بەردەوامە.

پاش هاتنی لافاو لە شارەکانی کوردستان و ئێران، بەتایبەت لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام کە بووە هۆی ماڵوێرانیی خەڵکی ئەو پارێزگایانه، کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانه لە لایەن دامەزراوە و ناوەندە فەرهەنگییەکانەوە ڕێک خرا، کە بە شێوەیەکی بەرچاو تاکوو ئێستا کۆمەڵێک یارمەتیی بەرچاویان بۆ خەڵکی لێقەوماو کۆ کردووەتەوە. یەکڕیزی و یەکدەنگیی خەڵک لە گەیاندنی یارمەتییەکان بە ناوەندە خەڵکییەکان سەرەڕای نیشاندانی ئاستی تێگەیشتنی خەڵک لە پرسە نەتەوەیییەکان، وڵامێکی "نا"ی دیکه بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەیە.