کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی ڕێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و بەرزبوونەوەی "تەڵاق" لە ئێران

10:04 - 4 خەزەڵوەر 2721

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە لێکۆڵینەوەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٩٠ هەتا ١٣٩٩ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ٣٦ لەسەد کەمی کردووە و ڕێژەی "تەڵاق" ٢٨ لەسەد هەڵکشانی هەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژەی تەڵاق بەنیسبەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا لە ١٦.٣ بۆ ٣٢.٩ لەسەد زیادی کردووە.

هەروەها لە ساڵی١٣٩٠دا ٨٧٤ هەزار و ٧٠٢ کەس ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە و ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ١٣٩٩دا بۆ ٥٥٦ هەزار و ٧٣١ کەس دابەزیوە.

بەپێی ئەو ئامارە ڕێژە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا زیاتر لە ٣٦ لەسەد دابەزیوە.

هەروەها لە ساڵی ١٣٩٠دا ١٤٢ هەزار و ٨٤١ تەڵاق تۆمار کراوە و ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ١٣٩٩دا بۆ ١٨٣ هەزار و ١٩٣ کەس زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ئامارە ڕێژەی "تەڵاق" لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا ٢٨ لەسەد هەڵکشانی هەبووە.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکارەکانی تەڵاق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نیشانی داوە، "هەڵبژاردنی هاوژینی نادروست، نەبوونی زانیاری و شارەزایی هاوژینەکان، کردەوەی نەشیاوی هاوژینەکان و دۆخی خراپی ئابووری" لە هۆکارەکانی سەرەکیی تەڵاق لە ئێران و کوردستاندایە.

هەروەها دۆخی خراپی ئابووری و بێکاری لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێکنەهێنانی ژیانی هاوبەش لەنیو لاوانە.