کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی پۆمپی بێنزینەکانی ئێران خەڵکێکی زۆری سەرگەردان کردووە

17:11 - 5 خەزەڵوەر 2721

٢٤ کاتژمێر بەسەر هێرشی سایبێری بۆ سەر پۆمپی بێنزینەکانی ئێران تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا زۆربەی پۆمپی بێنزینەکان لە ئێران نەهاتوونەتەوە سەر حاڵەتی ئاسایی خۆیان، بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر سەرگەردان بوونە.

بەهۆى ئەم هێرشە سایبێرییەوە زۆربەى پۆمپی بێنزینەکان داخراون، هەر بۆیە زۆرێکیان بێنزین بە بەهاى ئازاد و بێ بەکارهێنانى سیستەمى هوشمەندی سووتەمەنى دەفرۆشن.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەر بەدوای لەکارکەوتنی سەرجەم ٤ هەزار و ٣٠٠ پۆمپی بێنزین لە شارەکانی ئێران و دروستبوونی سەفی دوورودرێژی ماشینەکان، بەرپرسانی ڕێژیم پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر.

زۆرێک لە بیلیبۆردەکانی دیجیتاڵیی شارەکانی ئێران هەک کران و لەسەریان ''خامنەیی، بێنزینی ئێمە کوا؟'' و ''بێنزینی بەخۆڕایی لە پۆمپی بێنزینی جەماران'' نووسراوە.

دواى ناڕەزایەتىی خەڵک، هێزە ئەمنییەکانى ڕێژیمی ئێران لەنێو شار و پۆمپی بێنزینەکان بۆ ئەگەرى سەرکوتى هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک کۆ بوونەتەوە.

'' ئیبراهیم ڕەئیسی''  لە کاردانەوە بەو ڕووداوە وتوویەتی: "هیندێک بەنیازی ئەوەن بە پێکهێنانی بێ نەزمی و بشێوی لە ژیانی خەڵک، ئەوان توڕە بکەن. ئامانج لەو کارە تێکدانی ژیانی خەڵک بوو هەتا بتوانن بە ویستی دیاریکراوی خۆیان بگەن".

ئەو ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە مانگی خەزەڵوەڕی ساڵی ٩٨ کە خەڵکی ئێران دوای گرانبوونی نرخی بێنزین دژی ڕێژیمی ئێران ڕژانە سەر شەقام کە لە ئاکامدا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کران.

ڕێژیمی ئێران کە ئەو خۆپیشاندانانەی بە شێوەی خوێناوی سەرکوت کرد و هەتا ئێستا لەبارەی کوژراوەکان، برینداربووان و دەسبەسەرکراوانی ئەو خۆپیشاندانانە هیچ ئامارێکی ڕاستی بڵاو نەکردووەتەوە.