کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخوازی بۆ کڕینی گۆشتی سوور بە ڕادەیەک دابەزیوە کە بازاڕی تووشی مەندی کردووە

11:40 - 25 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، سەرۆکی یەکیەتیی گۆشتی سوور لە ئێران وتی کە بە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە مانگی ڕەشەمە و هەتا ئێستا، داخوازی بۆ گۆشتی سوور دابەزیوە و بازاڕ تووشی مەندی بووە.

''عەلی ئەسغەر مەلەکی'' باسی لەوە کردووە کە ئەو دۆخە بەهۆی ئەوە پێک هاتووە کە نرخەکان زۆر لە سەرەوەن و توانای کڕینی خەڵک بە توندی دابەزیوە.

لە ئێستادا نرخی نێونجیی هەر کیلۆ گۆشتی مەڕ لەنێوان ١٥٥ هەتا ١٧٠ هەزار تمەن، ڕانی مەڕ لەنێوان ١٧٥ هەتا ٢٠٠ هەزار تمەن و ڕانی گوێلک لەنێوان ١٦٠ هەتا ١٧٠ هەزار تمەنە.

لە ساڵانی ڕابردوودا نرخی خۆراک و کاڵا و پێداویستییەکانی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئەو ڕەوتە هەروا بەردەوامە؛ ڕێژیمی ئێران کە خوڵقێنەری ئەو دۆخەیە تەنیا پاساوی ‌‌‌هێناوەتەوە و خۆی بە بەرپرسیار و وڵامدەری هەژاری، گرانی، هەڵاوسان، و بێکاری و گرفتەکانی کۆمەڵگە نازانێت.