
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان، دادگایەکی نێودەوڵەتی حوکمی زیندانیی هەتاهەتایی بۆ دوو ئەندامی "حیزبوڵڵا"ی لوبنان دەرکرد کە دەستیان لە تێرۆری "ڕەفیق حەریری" سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان و کوشتنی ٢١ کەسی دیکە لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەبووە.
هیچ کام لەو دوو تاوانبارە واتە "حەسەن حەبیب مەرعی" و "حوسێن حەسەن عەنیسا" بە مەبەستی دادگاییکردن بۆ دادگای تایبەت لەمەڕ کاروباری لوبنان لە هۆلەند نەنێردراون، بەڵکوو بە بێ بوونی تاوانباران ئەو حوکمە دەرکراوە و ئەو تاوانبارانە لە ئێستادا ئازادن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس" ئەو دوو تاوانبارە مانگی مارس لە دادگای پێداچوونەوەدا بە پێنج کەیس لەوانە کوشتنی "ڕەفیق حەریری" و ٢١ کەسی دیکەدا مەحکووم کرابوون.
ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی تەقینەوەی کامیۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک هۆتێلێک لە "بەیرووت" کوژرانی "ڕەفیق حەریری" سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی لوبنان و ٢١ کەسی دیکە و برینداربوونی ٢٢٦ کەسی لێکەوتەوە.