
هەواڵدەریی بەحرەین ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی ئەو وڵاتە حوکمی دادگای سەرتایی بەنیسبەت گەورەترین دۆسیەی سپیکردنەوەی پارە کە دژی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران و چەند بانکی دیکە دەر کرابوو، بە ئاشکرا پشتڕاست کردەوە.
ئامانجی سپیکردنەوەی پارە دەورلێدانی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندراوە و دادگا پێنج تاوانباری ئەو دۆسیەیەی لە بەرپرسانی بانکی ''ئەلموستەقبەل'' بە دە ساڵ زیندان و توانباری شەشەمی بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.
هەروەها بڕیاری دادگای سەرەتایی لەبارەی پێدانی یەک ملیۆن دیناری بەحرەینی لەلایەن تاوانباران و هەر بەو ڕێژەیەش لەلایەن بانکی ناوەندی و چەند بانکی دیکە کە دەستیان لە سپیکردنەوەی پارەدا هەبووە، پشتڕاست کراوەتەوە.
دادستانی گشتیی بەحرەین لە مانگی بانەمەڕدا ڕایگەیاندبوو کە بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران و ١٢ بانکی دیکە بە تاوانی سپیکردنەوەی پارەی زیاتر لە ١.٣ میلیارد دۆلار، خستووەتە ژێر بەدواداچوونی سزادانەوە.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڕیارەکانی دادستانی بەحرەینیان ڕەت کردووەتەوە و ئەم دۆسیەیان بە مەبەستی سیاسی کە هیچ بایەخێکی یاسایی نییە، ناو لێ بردووە.