![](/content/upload/1/news/50975_w920.jpg)
دادگای نێونەتەوەیی خەڵک کە بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە کوشتار و ئەشکەنجەی خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکانی ٩٨ لە وڵاتی بریتانیا دامەزراوە، لە هەوڵدایە بەنیسبەت زیاتر لە ١٣٠ کاربەدەستی ڕێژیمی ئێران کە ئەگەری ئەنجامی جینایەت دژی مرۆڤایەتییان لەسەرە، لێدوان و بەڵگەی دەیان شایەتحاڵ تاوتوێ بکات.
هەیئەتی نێونەتەوەیی دادگای خەڵک کە بە ''دادگای خەزەڵوەر'' ناسراوە، دەیهەوێت بە ئامادەبوونی ٤٥ شایەتحاڵ بە دژی زیاتر لە ١٣٠ بەرپرس و کاربەدەستی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران کە لە نێویاندا ''عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی'' ناویان هەیە، لێکۆڵینەوەی ورد بکات.
ئەو ناوەندە لەلایەن سێ ڕێکخراوی ''عەداڵەت بۆ ئێران، مافی مرۆڤی ئێران و پێکەوە دژی سێدارەین'' دامەزراوە و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا لە شاری لەندەن کۆبوونەوەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.
ئەو ناوندە وتوویەتی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە جینایەت دژی مرۆڤایەتییان خولقاندووە و بە سەدان کەس لەژێر ئەشکەنجەی جینایەتکارانی ڕێژیم لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بوونەتە قوربانی، دەبێ دادگایی بکرێن.