کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای نێونەتەوەیی خەڵک لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەمەڕ جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ دەست پێ کرد

12:26 - 20 خەزەڵوەر 2721

دادگای نێونەتەوەیی خەڵک ناسراو بە ''دادگای خەزەڵوەر'' ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، یەکەمین دانیشتنی خۆی لەبارەی لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر کوشتاری مانگی خەزەڵوەری ٩٨ بەڕێوە برد.

لە دانیشتنی یەکەمی ئەو دادگایە ٣٢ کەس وەکوو شایەتحاڵ لێداونیان دا.

دانیشتی دووەمی ئەو دادگایە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لەندن بەڕێوە چووە.

ئەو دادگایە لەلایەن سێ ڕێکخراوی ''عەداڵەت بۆ ئێران، مافی مرۆڤی ئێران و پێکەوە دژی سێدارەین'' دامەزراوە و هەتا ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەر درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات.

دادگای نێونەتەوەیی خەڵک بڕیارە بە ئامادەبوونی ٤٥ شایەتحاڵ بە دژی زیاتر لە ١٣٠ بەرپرس و کاربەدەستی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران کە لەنێویاندا ''عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی'' ناویان هەیە، لێکۆڵینەوەی ورد بکات.

ئەو ناوەندە وتوویەتی، بە سەدان کەس لەژێر ئەشکەنجەی جینایەتکارانی ڕێژیم لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بوونەتە قوربانی و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە جینایەت دژی مرۆڤایەتییان خولقاندووە، دەبێ دادگایی بکرێن.