کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای پێداچوونەوە بلژیک حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانیی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی پشتڕاست کردەوە

18:59 - 15 بانەمەڕ 2721

دادگای پێداچوونەوەی ئانترۆپ لە بلژیک حوکمی ''ئەسەدوڵلا ئەسەدی''، دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران کە بە تۆمەتی هەوڵی تێرۆریستی بە ٢٠ ساڵ زیندانیی محکووم کرابوو، پشتڕاست کردەوە.

دادگای''ئانترۆپ'' لە بلژیک ''ئەسەدوڵڵا ئەسەدی'' کە وەک دیپلۆمات لە باڵوێزخانەی ئێران لە ڤییەن کاری دەکرد بە دانانی پلان بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی و دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە پاریس، لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، تاوانبار و دواتر لەلایەن ئەو دادگایەوە بە ٢٠ ساڵ زیندانی حوکم درا.

تاوانباری دیکەی ئەو دۆسیە بە ناوەکانی ''نەسیمە نعامی'' بە ١٨ ساڵ،''ئەمیر سەعدوونی'' بە ١٥ ساڵ و ''مێهرداد عارفانی'' بە ١٧ ساڵ زیندانیی حوکم دران.

''دیمیتر دی پیکۆ'' پارێزەری دۆسیەی ئەسەدی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە دادگا وتوویەتی بەرگریکرتەکەی لە مافی پێداچوونەوە لەبارەی حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانی کە دادگای کەیفەریی ئانترۆپ لە مانگی ڤێڤرییەی ڕابردوو دژی ناوبراو دەری کردبوو، وازی هێناوە.

ڕێژیمی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە هەتا ئێستا بۆ سەرکوتکردن و لەنێوبردنی دژبەرانی خۆی و پەرەپێدان بە تێرۆریزم لەنێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لە هیچ کردەوەیەک درێغی نەکردووە و سڕینەوەی فیزیکیی دژبەران و جیابیران لە بەرنامەی کاری ئەو ڕێژیمەدا بووە.

ئەوە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران بە تۆمەتی هەوڵی تێرۆریستی لە ئورووپا دادگایی دەکرێت.