
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نزیک بە ٢٠٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد بە هۆکارگەلێکی وەک بەڕێوەبەریی لاوازی ئاو و خاک، ئاگر، نەخۆشی، زەویخۆری، وشکەساڵی و گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە حاڵی لەنێو چووندان.
بەڕوو کە وەک هێمای زاگرۆس دێتە ئەژمار لەو ماوەیەدا نزیک بە ٦٠ لەسەدی دارستانەکانی بەڕووی ئەو پارێزگایه بە تایبەت لە ناوچەکانی گەردەنەی "باشت" بۆ لای "چرام" بەهۆی نەخۆشی بەرەو لەنێوچوون دەچن.
کوونبوونی ئەو دارانە بەهۆی جۆرێک قالۆچە و "قارچی ساپرۆفیت" لە هۆکاری سەرەکیی تووشبوونی ئەو دارانە بە نەخۆشی دێتە ئەژمار.
سەرانەی دارستان لە پارێزگایه بۆ هەر کەسێک ٦.١ هێکتارە و ٢٠ لەسەدی دارستانەکانی زاگرۆس لەو پارێزگایەدا هەڵکەوتوونە.
سەرەڕای هۆشداریی چالاکانی ژینگەیی و هاووڵاتییانی ژینگەدۆست بە بەرپرسانی پەیوەندیدار لەمەڕ پێشگیریی نەخۆشیی ئەو دارانە و لەنێوچوونیان بە هۆکارگەلێکی تر، بەڵام هیچ هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەریی ئەو دارستانانە ئەنجام نەدراوە.