کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی توس‌نەوزەری سنە لە ئاگردا سووتا

16:47 - 13 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لێڕاوەرەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، دارستانەکانی توس‌نەوزەر سەربە پارێزگای سنە، لە ئاگردا سووتان
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی،  دوو هێکتار لە دارستانەکانی توس‌نەوزەری پارێزگای سنە، لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا سووتا و بەو هۆیەوە چەندین هێکتار لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە لەناوچوون.

ئەم ئاگرە لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەوە، پاش ٣ کاتژمێر کۆنترۆل کرا.

لەلایەکی دیکەوە، چەند رۆژ پێشتریش، دوو هێکتار لە مووچە و مەزراکانی هلیلان سەربە شارستانی شیروان و چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام، لە ئاگردا سووتا.

لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، سەرجەم ٢٣٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە کوردنشینەکان رووی داوە کە ١٧٤ حاڵەتیان لە پارێزگای سـنە، ٣٧ حاڵەت لە کرماشان، ١٧ حاڵەت لە ئورمیە و ٧ حاڵەت لە ئیلام رووی داوە.

ساڵانە پانتایی‌یەکی زۆر لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکانی کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان ئاگریان تێبەر دەدرێت و بەرپرسانی رێژیم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نادەن.

بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجام دراوە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دارستانەکانی داربەڕووی کوردستانی رۆژهەڵات بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی ساڵانە و لە رادەبەدەر، بۆ هەمیشە توانای روانەوەیان لە دەست داوە.

ناکارئامەدی رێکخراوی ژینگەپارێزیی رێژیمی ئێران بۆ پاراستنی دارستانەکان یەکێک لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی لە ناوچوونی دارستانەکان ئەژمار دەکرێت.

بەکارهێنانی هێزی مرۆیی بۆ پاراستنی دارستانەکان و ژینگە لە ئێراندا یەک لەسەر ٣ی ستانداردە جیهانییەکانە.

تەمەنی دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات زیاتر لە ٥ هەزار ساڵ بەراورد کراوە.