کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی زاگرۆس بەرەوڕووی "کوودتا" بوونەتەوە

12:05 - 13 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەوانان و چالاکانی بواری ژینگە سەبارەت بە بەردەوامیی ڕەوتی لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس و گەیاندنی خەسار بە ژینگەی کوردستان، لەسەر ئەو بڕوایەدان کە کوودتایەک بەرانبەر بە دارستانەکانی زاگرۆس هاتووەتە ئاراوە.

لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان و ئاگرتێبەردانە بەئەنقەستەکان لە لایەن نەیارانی ژینگەوە، بووەتە ڕەوتێکی بەردەوام، بە شێوەیەک کە جیا لە چالاکانی ژینگەپارێزی، چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگاش سەبارەت بەم پرسە هاتوونەتە دەنگ و دژایەتیی خۆیان لەمەڕ ئەم لەنێوبردنە بەئەنقەستە دەردەبڕن.

"سەلمان زەند"، ڕۆژنامەوانی دانیشتووی شاری تاران لە تویتێکدا، سەبارەت بە ئاگرتێبەردانەکانی دارستانەکان بەتایبەت لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان، ئەو دیاردەیەی وەکوو کوودتایەکی ترسناک بەرانبەر بە دارستانەکان ناو بردووە و داوای لە بەرپرسانی ژینگە کردووە کە سەردانی شوێنە جیاوازەکان بکەن و بینەری لەنێوبردنی سیستماتیکی دارستانەکان بن.

لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس، وەکوو یەکێک لە پیلانە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەحاڵی پەرەسەندندایە و سەرەڕای زۆربوونەوەی چالاکییە ژینگەپارێزییەکان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا و ئاگادارکردنەوەی خەڵک بۆ پێشگرتن لە ڕووداوە نەخوازراوەکانی بەرانبەر بە ژینگە، دیسانەوە ڕۆژانە بینەری لەنێوچوونی ڕووبەرێکی بەرچاو لە ژینگەی کوردستان بە دەستی نەیارانی ژینگەین.