کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی زاگرۆس هەروا لە ئاگردا دەبن بە خەڵووز

12:41 - 24 جۆزەردان 2720

ماوەی چەند حەوتوویە دارستانەکانی زاگرۆس لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە شێوەیەکی بەرین ئاگریان تێبەردەدرێت و ژینگە و سروشتی کوردستان دەبێتە قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئاگری لە دارستانەکانی کێوی "بیزڵ" لە گوندی "شێخ سڵە" لە سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان بەرداوە و بووە بەهۆی سووتانی ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە کێوی "هانیوان" لە پارێزگای ئیلام لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردراوە کە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هەوڵی ژینگەدۆستان و خەڵکی ناوچەکە کوژراوەتەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەشدا، گوندی "شێخ مەکان" لە بەشی ناوەندیی "دەڕەشار"، سەر بە پاریزگای ئیلام لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا و بەشێکی زۆر لەو ناوچەیەش لە ئاگردا سووتاوە.

لە ماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوو، دارستانەکانی زاگرۆس بە شێوەیەکی بەرین و بەربڵاو کەوتنە بەر هێرشی نەیارانی ژینگە و ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی زاگرۆس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە، یەک لە دوای یەک بوون بە خەڵووز.