کوردستان میدیا: ڕووبەرێکی بەرچاو لە دارستانەکانی زاگرۆس لە شاری مەریوان لە ٥ شوێنی جیاوازدا، لە لایەن نەیارانی ژینگەوە ئاگری تێبەردرا و بوو بە خەڵووز.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی سێناریۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس لە شاری مەریوان، هاوکات ٥ ناوچەی: "گێڵی کەران، چنارە، گەوێڵە، شێخ عەتار و قەلانجان"، لە لایەن نەیارانی ژینگەوە ئاگریان تێبەردرا.
ئەو ئاگرانە لە لایەن ژینگەپارێزانی "ئەنجومەنی سەوزی چیا"وە و هەروەها هەوڵ و هاوکاریی خۆنەویستانەی ژینگەپارێزانی تر، سەرەڕای هەبوونی کێشەگەلی زۆر لە ناوچەکەدا و هەبوونی مەیدانی مین، کۆنترۆڵ کرا.
لەو ئاگرکەوتنەوانەدا، ئاگری گوندی "قەلانجان" سەر بە گوندی "سەردۆش"، بەهۆی هەبوونی مەیدانی مین و دۆخی مەیدانیی نالەبارەوە تواندرا تەنیا بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکەی لە لایەن کۆمیتەی ئەنجومەنی سەوزی چیاوە لەو گوندەدا و بەشێکی تر لە ژینگەپارێزان، کۆنترۆڵ بکرێت و بەشێکی دیکەی دارستانەکە تا ماوەیەکی زۆر ئاگرەکەی بەردەوام بووە کە پاش هەوڵی بێوچانی ژینگەپارێزان لە ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕەزبەردا کۆنترۆڵ کرا.
ئاگرکەوتنەوەکان، وەک کارەساتێکی ژینگەیی کە بە دەستی نەیاران و ناحەزانی ژینگە، بە تایبەت لە دارستانەکانی کوردستان ڕوو دەدات، هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر لێڕەوارەکانی زاگرۆس و هەروەها بوونەوەرە نایابەکانی ئەو ناوچانە.